(Biotechnology) بایۆتەکنۆلۆژی
تەکنۆلۆژیای ژیان یان زیندەسازی بە پێی بوارەکانی
بەکارهێنان بە چەندین شێوە پێناسە کراوە ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی (ئەو تەکنیکەیە
کە لە بنەڕەتدا زیندەوەر یان بەشەکانی یان ماددەکانی بەکاردەهێنێت بە ئامانجی
بەرهەمهێنان یان گۆڕانکاری لە بەرهەمدا، وەیان چاکسازیکردن و بەرەوپێشبردنی ڕووەک
وئاژەڵ
و وردەزیندەوەر(Microorganism) بۆ چەندین مەبەستی دیاری کراو و بە سوود.
ئەم زانستە لە ئێستادا بوارێکی فراوانی زانستە زیندەییەکانی(ژیان)ی داگیرکردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە ، بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییە هەنووکەییەکانی مرۆڤ لە هەموو ڕووەکانەوە.ئەم زانستە فرە لایەنە و چەندین جۆری هەیە .
جۆرەکانی بایۆتەکنۆلۆژی و ڕێگەکانی سوود وەرگرتن:
١- بایۆتەکنۆلۆژی سوور (Red Biotechnology)
ئەم جۆرەی بایۆتەکنۆلۆژی تایبەتمەندە لە بواری پزیشکی ، و گرنگی ئەدات بە تەندروستی مرۆڤ .
گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم بوارەی بایۆتەکنۆلۆژی :
١- بەرهەمهێنانی دژە زیندەیی (Antibiotics) لە بونەوەرە زیندووەکانەوە.
٢- بەرهەمهینانی ڤاکسین(Vaccines) لە زیندەوەرە نەخۆشەکانەوە.
٣- بەرهەمهێنانی چاوگەی دەرمانی زیندەیی (Bio-pharmaceutical) وەک (ئەنسۆلین).
٤- چەرەسەری جینی (بۆهێڵ)ی (Gene Therapy) بە مانای چارەسەرکردنی نەخۆشییە بۆماوەییەکان
لە مرۆڤدا بە بەکارهێنانی زانستی بایۆتەکنۆلۆژی لە گواستەنەوە و گۆڕانکاری جینەکاندا(بۆهێلەکان).
٥- توانای چاندنی ئەندامی نوێ لە لەشدا بە بەکارهێنانی بەشەکانی تری نەخۆشەکە خۆی لە جیاتی بەکارهێنانی ئەندامی کەسێکی خۆبەخش یان کەسێکی مردوو.
٦- شیکاری (DNA) کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە کێشەی ساغکردنەوەی باوکایەتی یان خزمایەتی لە بواری دادگەرییدا .
٧- لە ڕێگەی ئەنجامی شیکاری DNA ەوە پێش هاوسەرگیریکردن ، ئەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە گواستنەوەی نەخۆشییە بۆماوەییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
٨- بەکارهێنانی ئەندازەی بۆماوە (Genetic Engineering) لە چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی کە چارەسەریان ئەستەمە.
٢- بایۆتەکنۆلۆژی سەوز (Green Biotechnology)
ئەم جۆرەی بایۆتەکنۆلۆژی گرنگی بە بواری کشتوکاڵ و چاکسازی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و خۆراکییەکان دەدات بە پێی پێداویستی مرۆڤ.
گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم بوارە تا ئێستا:
١- بەرهەمهێنانی جۆرێک بەروبووم کە بەهای خۆراکی بەرزی هەیە لە توخمەکانی (ڤیتامینەکان ، پرۆتین ، شەکر ،ڕۆن).
٢- بەرهەمهێنانی ڕووەک کە توانای بەرگری هەیە دژی نەخۆشی و مێروو کە توشی ڕووەکەکە ئەبێت . لە جییاتی بەکارهێنانی مێروو کوژ کە ژەهرەکەی زیان بە مرۆڤ و ژینگە دەگەیەنێت.
٣- بەرهەمهێنانی جۆرە ڕووەکێک کە توانای مانەوە و بەرگری هەیە لە کەشوهەوای نا لەباردا (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ، ووشکەساڵی ، هتد).
٤- بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆری بەرووبوم کە بە ڕێگەی ئاسای کاتی زۆری ئەوێت بۆ بەرهەمهێنانی ،وە یارمەتیدەرە بۆ لەناوبردنی هەڵئاوسانی نرخ لەسەر ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕەکاندا.
٥- بەرهەمهێنانی قڕکەری زیندەیی (Bio-pesticide) لە سەرچاوەی سروشتی نا کیمیایی کە زیانی نییە بۆ مرۆڤ و ژینگە.
٦- بەرهەمهێنانی پەین لە جۆری (Organic) و (Bio-fertilizes) لە سەرچاوەی سروشتی بێ زیان بۆ ژینگەو مرۆڤ.
٧- بەرهەمهێنانی چەندین جۆری نوێی بەروبووم بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانی برسییەتی لە وولاتە هەژارەکاندا وەک( Golden rice) برنجی ئاڵتونی.
٨- باشترکردنی جۆرو تام و بۆن و بەرامی چەندین خۆراک کە لەلایەن مرۆڤەوە ویستراوە.
٣- بایۆتەکنۆلۆژی سپی (White Biotechnology)
ئەم جۆرەی بایۆتەکنۆلۆژی گرنگی ئەدات بە بواری پیشەسازی . بایۆتەکنۆلۆژی سپی یەکێکە لە گرنگترین جۆرەکانی بایۆتەکنۆلۆژی کە لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا بە شیوەیەکی بەربڵاو بەکاردەهێنرێت.
گرنگترین دەستکەوتەکانی :
١- بەکارهێنانی زیندەوەر بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی کیمیایی بە ڕێگەی زیندەیی لە جیاتی ڕیگەی دەستکرد کە هۆکارە بۆ پێسبوون.
٢- دروستکردنی دەرمانی چارەسەری زیندەیی (Bio-pharmaceuticals) بۆ زۆرێک لە دەرمانەکان وەک بەرهەمهینانی ڤیتامینەکان .
٣- بەرهەمهێنای جۆرێکی پلاستیک کە توانای شیبونەوەی ئەندامی هەیە .
٤- بەرهەمهێنانی ماددە لکێنەرەکان لە سەرچاوەی رووەکی ، وە پێشبینی دەکرێت ببیتە جیگرەوەی ماددە لکێنەرەکانی تر کە ژەهراوین و سەرچاوەی پیس بوونی ژینگەن.
٥- بەرهەمهێنانی پاککەرەوەکان لە سەرچاوەی ڕووەکی بێ کیمیایی، ئەم پاککەرەوانە توانایەکی بەرزیان هەیە.
٦- بەرهەمهێنانی (Bio-Polymer ) کە بەکاردەبرێت لە دروستکردنی (شانە ، قوماش ، کەلوپەلی ناوماڵ)
٤- بایۆتەکنۆلۆژی شین (Blue Biotechnology )
ئەم جۆرەی بایۆتەکنۆلۆژی تایبەتمەندە لە بواری ئاو دا(زەریا ، دەریا، ڕووبارەکان ، ...هتد) .
لە گرنگترین دەستکەوتەکانی :
١- لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی زیندەیی (زیندەوەری) زیندەوەرە ئاوییەکان لە زەریاو دەریاو ڕووبارەکاندا.
٢- لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی پێشخستن و گەشەپێدانی زیندەوەرە دەریاییەکان سازاندنیان لە ژینگە جیاوازەکاندا.
٣- لێکۆڵینەوە لە کاریگەری جۆرەکانی پیس بوون کە ئەبێتەهۆی زیان گەیاندن بە زیندەوەرە دەریاییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
٤- بەرهەمهێنانی چەندین جۆری ماددەی (ئەندامی و سروشتی) کە ئەبنەهۆی لەناوبردنی جۆرەکانی پیس بوونی دەریایی.
٥- بایۆتەکنۆلۆژی ژینگەیی (Environmental Biotechnology)
یەکێکە لە گرنگترین جۆرەکانی بایۆتەکنۆلۆژی ، کە گرنگی ئەدات بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ئەم زانستە لە بواری ژینگەدا؛
گرنگترین دەستکەوتەکانی تا ئێستا :
١- بەرهەمهێنانی ماددەی کاراکان (چالاکەکان)(Active substances) بە بەکارهێنانی زیندەوەر بۆ ڕزگاربوون لە پیس بوونی خاک و ئاو( Bio-remediation ) .
٢- بەرهەمهێنانی ماددە چالاکەکان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی پیس بوونی خۆراکی و دیاردەی مەینی توێژاڵی سەرەوەی دەریاکان (Eutrophication ) کە بەشیوەیەکی زۆر لە ئەنجامی پیس بوونی ڕووبارەکان و دەریاو زەریاکانەوە ڕووئەدات ،بە زیادبوونی خەستی ئاوێتە نایترۆجینیەکان و فۆسفۆڕییەکان کە لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆ
و ماددە پیشەسازییەکان هەڵگیراوە و ئەبێتەهۆی گەشەکردنی قەوزەو ڕووەکەهەڵواسراوەکان بە شێوەیەکی چڕ.
٣- بەرهەمهێنانی سوتەمەنی و غاز (Bio-fuels) کە بەشیوەی ئەندامی بەرهەمهێنراوە بۆ دروستکردنی وزەی خاوێن.
٤- بەرهەمهێنانی (Bio-indicator )ی دروستکراو لە ماددەی ئەندامی.
٥- دۆزینەوەی (Bio-assays) کە یارمەتیدەرە لە ناسینەوەی زۆرێک لە کردارە زیندەییەکان.
٦- بەرهەمهێنانی ماددەی کارایی زیندەیی کە هەڵدەستێت بە لەناوبردن یان چارەسەرکردنی پاشماوە بیۆلۆجییەکان(Bio waste treatment) وەک لە چارەسەری پاشماوەی ئاوەڕۆکاندا بە شیوەیەکی تەندروست بی ئەوەی کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر ژینگە.
ئامادەکردن : ئالان
سەرچاوە : لە ئینتەرنێتەوە
٢٠١٤