Tuesday, 17 June 2014

Biofilms بایۆفیلم

Biofilm (زیندەفیلم) چی یە؟  

ئاوێتەیەکە لە وردەزیندەوەری جیاواز (....Bacteria ,Funji ,Yeast ,etc) کە بە ماددەیەکی لینجی شێوە کەتیرەیی (Carbohydrates) پێکەوە بەستراوون ، ئەم ماددەیە  لە لایەن وردەزیندەوەرەکانەوە دەردەدرێن ناو دەبرێت بە (Extracellular Polymeric Substances) یارمەتی پێکەوەنوسانی بەکتریا یان وردە زیندەوەرەکان دەدات بە ڕووی مادەکانەوە.
Biofilm توانای دروست بوونی هەیە لەسەر ڕووی تەنی زیندوو یان نازیندوو (شلەمەنییەکان ، Polystyrene , Polyester, لاستیک ، مس ،تەنە ڕەقەکان ، ڕووەک ، ئاژەڵ) لە باوترین ئەو بەکتریایانەی کە توانای گەشەکردنیان هەیە لە بایۆفیلمدا بریتیین لە ( ListeriaPseudomonasBacillusEscherichia coli and Salmonella   .
بەکتریا بایۆفیلم دروست دەکات بۆ پاراستنی خۆی لە گەرمی و تیشک و ووشک بوون و مادەی کیمیاوی و پاککردنەوە.



 هۆکارە ژینگەییەکان کە کاردەکەنە سەر دروست بوونی :
١- خۆراک   ٢- پلەکانی گەرمی     ٣- ترشێتی    ٤-ڕادەی شێ    ٥-کات و ئۆکسجین

لە خۆراکدا: 

بە پێی تێپەڕبوونی کات بەکتریا لەگەڵ ڕووی خۆراکەکەدا یەکدەگرێت و دەست دەکات بە دروستکردنی بایۆفیلم. لەو ناوچانەی کە خۆراک بەرهەم دەهێنرێت ،بوونی (Biofilm) نیشانەی ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە بۆ بەهەمهێنان یان دروستکردن گۆنجاوو تەندروست نییە بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی تەواو پاکبکرێتەوە. ڕووی نا تەندروست یان پیسی خۆراک ئەبێتەهۆی خراپبوون و کەمبونەوەی تەمەنی خۆراکەکە. بایۆفیلم لە پیشەسازی خۆراکدا پاشماوەیەکی زۆری پارچە خۆراک و پێکهاتەی کانزایی هەیە ، کە بەپێی تێپەڕبوونی کات زۆردەبێت و دەنوسێت بە ڕووی خۆراکەکەوە. گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە بایۆفیلم بەشداربێت لە  پیسکردنی بەرهەمەکانی تر بەهۆی(Cross Contamination) .


ئەو دۆخەی کە (Bio-film) دروست دەکات :

کاتێک ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک  بە شێوەیەک دروست نەکرابێت کە بە ئاسانی پاکبکرێنەوە بەو شێوەیە کرداری خاوێنکردنەوەکە بە تەواوی پاک ناکرێتەوە و پارچەی وردی خۆراک لە نێونیاندا بەجێ دەمێنێت و دەبنە خۆراکی وردەزیندەوەرەکان و  دواتر یارمەتی دروستبوون و گەشەکردنی بایۆفیلم دەدات بەمەش بەپێی تێپەڕبوونی کات گەشەی زیاتر دەکەن و دەبنە هۆی پیس بوونی خۆراکەکان.


قۆناغەکانی دروستبوونی :

بایۆفیلم بە پێنج قۆناغ دروست دەبێت .

قۆناغی یەکەم :
بە بەکارهێنانی هێزی ڤاندەرڤالسەوە خانەکانی بەکتریا خۆیان بە ڕووەکەوە دەنوسێنن.

قۆناغی دووەم :
لەم قۆناغەدا خانەکانی بەکتریا زیاتر خۆیان جێگیر دەکەن بەهۆی مادەی (EPS) ەوە کە پێکهاتەیەکی لکێنەری زۆر بەهێزو ئاڵۆزە پێکدێت لە DNA و پرۆتین و Polysaccharide  .

قۆناغی سێیەم :
کۆلۆنییە بچوکەکان دەست دەکەن بە دروستکردن و بایۆ فیلمیش دەست دەکات بە گەشەو پێگەیشتن.

قۆناغی چوارەم :
لەم قۆناغەدا بایۆفیلمەکان زیاتر گەشە دەکەن و پێ دەگەن بە شێوەی سێ دووری دەردەکەوێت ،کە گورزە خانەی تێدایە لە شێوەی کۆمەڵ لەگەڵ ڕێڕەوەکان لە نێوانیاندا.

قۆناغی پێنجەم :
لە کۆتا قۆناغی دروست بونییدا ، بایۆفیلمەکە خانەکان بڵاوە پێدەکات و توانای جوڵەیان هەیە و دەست دەکەن بە دروستکردنی بایۆفیلمی نوێ .



 لە ئێستادا بایۆفیلم بۆ زۆر مەبەست بەکاردێت بە پێی بواری بەکارهێنانەکە گونجێنراوە و لە گەشەکردندایە لەوانە:

١- بەشێوەیەکی بەربڵاو لە خاوێنکردنەوەی ئاوی پیسدا بەکاردەهێنرێت.

٢- بەکاردەهێنرێت بۆ تێکشکاندی ماددەی ژەهراوی کیمیایی.

٣- بۆ بەرهەم هێنانی ماددەی بایۆلۆژی(Biological substances) سوودبەخش لە نێویاندا (دەرمان).

چەند نمونەیەکی بایۆفیلم:

لەسەر ئاو



لەسەر ددان



لە نێو بۆری ئاوەڕۆکان

EPS : Extra-cellular  Polymeric Substances 

ئامادەکردن : ئالان عثمان
پسپۆڕی بایۆتەکنۆلۆجی و زانستی خۆراک
سەرچاوە : ئینتەرنێت
٢٠١٤