Friday, 15 August 2014

(Ebola Outbreak Disease) نەخۆشی پەتای ئیبۆلا

نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا

:پێشەکی

ڤایرۆسی ئیبۆلا ڤایرۆسێکی کوشندەیە، کە بۆ یەکەمجار لە ووڵاتی( کۆماری کۆنگۆی دیمکورات)
دەرکەوت لە ساڵی (١٩٧٦ز).هەر لەو کاتەدا بووەهۆی مردنی نزیکەی (٢٥٠٠) کەس لە ووڵاتانی سودان و کۆنگۆ.ڤایرۆسەکە ناوەکەی لە ڕوبارێک لە نزیک گوندێکـ(Yambuku)ـی ووڵاتی کۆنگۆ هاتووە کە بۆ یەکەمجار ڤایرۆسەکە لە جێگایەدا دۆزرایەوە. ڕێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لە ئێستادا (٪٦٠)ە.

تا ئێستا سەرچاوەی سروشتی دروستبوون و بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە نە سەلمێنراوە و نادیارە، بەڵام زانایان لەو بڕوایەدان کە یەکەم نەخۆش بە ڤایرۆسی ئیبۆلا بەهۆی بەریەککەوتن بووە لەگەڵ ئاژەڵێکی توشبوو بەم ڤایرۆسە.

ئیبۆلا چییە:

سەرەتا وا بیردەکرایەوە کە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە گۆریلا (مەیمونێکی ئەفریقی گەورەیە) وە سەرچاوەی گرتووە ،لەبەرئەوەی کە ئەو خەڵکەی گۆشتی ئەم جۆرە مەیمونەیان خوارد بوو تووش ببوون بە ڤایرۆسەکە پاشان لە نێو مرۆڤدا تەشەنەی کرد؛ زانایان ئەم بیرۆکەیان بە دروست دەزانی بەوپێیەی کە ئەو مەیمونانەی تووش ببوون بەم نەخۆشییە هاوشێوەی مرۆڤ دەمردن.

زاناکان لە ئێستادا لەوبڕوایەدان کە شەمشەمەکوێرەکان سەرچاوەی سروشتی ئەم ڤایرۆسەن، وە مرۆڤ ومەیمونەکانیش دوای خواردنی ئەو خۆراکانەی کە شەمشەمەکوێرەکان پیسایی و لیکی لەسەر کردوون تووش دەبن یان بەهۆی بەریەککەوتنی ئەو ڕووانەی کە شەمشەمەکوێرەکان  بەسەریدا هەڵگەڕاون پاشان دەست بردن بۆ دەم و لوت و چاو  تووش دەبن.

تیمی (پزیشکانی بێ سنور) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەدەن کە تەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە لە ئێستادا ،لە گوندێکەوەیە لە ووڵاتی غینیایە کە تیایدا ڕاوکردنی شەمشەمەکوێرە کارێکی بڵاوە.


نیشانەکانی ئەم نەخۆشی یە:

نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم نەخۆشییە وەک (سووربونی چاو، پێست سوورهەڵگەڕان) نا تایبەتمەندن چونکە ئەم نیشانانە لە زۆرێک لە نەخۆشییەکانی تردا دەبینرێن. نیشانەکانی تری کە پەیوەندی بە ڤایرۆسی ئیبۆلاوە هەیە بریتین لە (تا ، سەرئێشە ، ئازاری ماسولکە و جومگەکان ، لەگەڵ نەمانی ئارەزووی خواردن).

ئەم نیشانانە لە دواتردا پەرەدەسەنن بۆ (ڕشانەوە ، سکچوون، ئازاری گەدە و سوورهەڵگەڕان ) لەگەڵ ئەمانەشدا خوێنبەربونی دەرەکی و ناوەکی لە دەم و لووتی توشبووەوە. نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە لە نێوان ٢ بۆ ٢١ ڕۆژدا دەردەکەون لە دوای توشبوونی کەسەکە بەم ڤایرۆسە.

لە هەر جێگایەک ئاماژەیەک هەبێت لە هەبوونی ئەم نەخۆشییە پێویستە لایەنە شارەزاکانی تەندروستی ئاگادار بکرێتەوە و کەسی توشبوو جیا بکرێتەوە پاشان نمونەی لێ وەربگیرێت و تاقی بکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە توشبوون یان توشنەبوونی بە ڤیرۆسی ئیبۆلا.
زیاتر لە نیوەی سەختەتوشبووەکانی ئەم ڤایرۆسە خوێناوین،کە لاوانەیە (ڕشانەوەی خوێناوی یان بوونی خوێن لە میزدا ، خوێنی ژێر پێست یان لە چاوو دەمدا ) بێت.
خوێنبەربوونەکە نابێتەهۆی مردنی توشبوو بەڵکو دزەکردنی خوێنەکە بۆ ناوەوەی قوڵایی لەش(خوینبەربوونی هەناوی)؛ ئەمەش ئەبێتەهۆی ئەوەی پەستانی خوێن بۆ ئاستێکی زۆر دەبەزێت بە ڕادەیەک کە ئەندامەکانی لەش (جگەر ، دڵ ، گورچیلە) دەست دەکەن بە داکەوتن خوێناوی دەبن.

چونییەتی گواستنەوەی نەخۆشییەکە:

ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ ،وە هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤێکی تر؛ ئەمەش بەهۆی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی لەش لەگەڵ خوێنی لەشی نەخۆشەکە یان هەر شلەمەنییەکی لەشی توشبوو دەبێت.
ئەو کەسانەی چاودێری نەخۆشەکان دەکەن زیاتر لە هەرکەسێک لە ژێر مەترسی توشبوون بەم نەخۆشییە ڤایرۆسییەدان. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە لێدوانێکدا ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم نەژادەی ڤایرۆسی ئیبۆلا (لەو جیگایانەدا ڕوودەدات کە هاتوچۆی خەڵکی لە ڕێگای سنورە ئاوییەکان زۆرە) وە هەروەها ئاشکرای کردووە کە ئەم ڤایرۆسە توانای ئەوەی هەیە بە ڕێگەی گەشتی ئاسمانی بگوازرێتەوە. 
شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن کە توشبووانی ئەم ڤایرۆسە یان ئەوەیە بە خێرایی دەیکوژێت وە یان بە خێرای ڕزگاری دەبێت لە ڤایرۆسەکە.
ڤایرۆسی ئیبۆلا ڤایرۆسێکی هەوایی نییە واتە لە ڕێگەی هەناسەوە ناگوازرێتەوە وە توانای ئەوەی نییە ببێتە نەخۆشییەکی درمی وەک نەخۆشی درمی سارس(SARS).لەبەرئەمەش کەسێک لەوەناچێ تەنها بەهۆی نزیکیبونەوەی لە کەسی هەڵگری ڤایرۆسەکە توشی ئەم نەخۆشییە ببێت.
ناوەندی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی لە ئەمریکا لە چەند وێنەیەکدا ئاماژە بەو شتانە دەدات کە نابنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە وەک( ئاو ، هەوا، خواردن).


هەرچەندە کە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی شلەمەنی نێو لەشی توشببووەوە دەبێت بەڵام ئەگەر هاتوو خوێن یان ڕشانەوەی نەخۆشەکە بگاتە دەست و دەم و چاوی کەسێکی تر ئەوە ئەگەری گواستنەوەی هەیە بۆ کەسەکە.
لە ئێستادا زیاتر ئەو کەسانە لە ژێر مەترسیدان کە چاودێری تەندروستی خزم و کەسە نزیکەکانیان دەکەن کە هەڵگری ئەم ڤایرۆسەن یان ئەو کەسانەی لاشەی مردووی کەسی توشبوو ئامادە دەکات بۆ سوتاندن.
وە ئەو کەسانەی کە کار لە چاودێریکردنی نەخۆشەکاندا دەکەن زیاتر لە هەرکەسێکی دیکە لە ژێر هەڕەشەی ئەم ڤایرۆسەدان بە تایبەت ئەگەر هاتوو بە باشی ڕانەهێنرابن لەگەڵ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکە، یان بە دروستی کارەکانیان جێ بەجێ نەکەن؛ چونکە ئەم ڤایرۆسە توانای مانەوەی هەیە لەسەر ئەو ڕووە ڕەقانەی کە شلەمەنی یان خوێنی کەسانی توشبووی ڤایرۆسەکەی بەرکەوتووە وەک دەرزی و دەستکێشی بەکارهێنراو بۆ کەسە توشبووەکان ئەمەش دیسان لەوەیە ببێتەهۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.بۆیە زۆر پێویستە کەلوپەل و ئامێرەکان زۆر بە دروستی و تەواوی پاکبکرێنەوە پێش بەکارهێنانەوەیان.

چۆنییەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە:

لەم کاتەدا چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە زۆر گرنگە بەڵام بەهۆی ئەوەی نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم نەخۆشییە نا تایبەتمەندن ناتوانرێت لە سەرەتای توشبوونەوە دەست نیشان بکرێت.

لە ئێستادا چارەسەری پێوانەیی( ستاندارد) بۆ ئیبۆلا سنوردارە وە ئەمانەش دەگرێتەوە :

  1. پاراستنی بالانسی شلەمەنی لەشی نەخۆشەکە لەگەڵ ئەلیکترۆلایتی (ئاستی صۆدیۆم و پۆتاسیۆم لە خوێندا).
  2. هێشتنەوەی بار(دۆخ)ی ئۆکسجین و پەستانی خوێنی نەخۆشەکان.
  3. چارەسەرکردنیان لە کاتی هەر ئارێشەیەکی تەندروستیدا کە دێتە ئاراوە. 
 تا ئێستا چارەسەرێکی تایبەت لەبەردەستا نییە بەڵام چەندین چارەسەری دەرمانی هەڵسەنگێنراوە ،وە چەندین ڤاکسین تاقی کراوەتەوە بەڵام هیچ کام لەم چارەسەرانە لە دەرمانخانە و کلینکەکاندا بەردەست نییە.

 چۆنییەتی سنوردارکرن و ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسەکە:

ئەم پەتایە دەتوانرێت بە چەند شێوازێک سنوردار بکرێت کە ئەم ڕێگایانە دەگرێتەوە:

١- پاککردنەوەی ئەو جێگایانەی کە گومانی هەبوونی نەخۆش یان ڤایرۆسەکەی لێ دەکرێت.
٢- سنوردارکردنی هاتوچؤی ئاسمانی و سنوری ئاوی نێوان ووڵاتان.
٣- جیاکردنەوەی توشبووەکان لە جێگایەکی تایبەتدا.
٤- لە ڕێگەی فێرکردن و ڕاهێنان و ڕێنماییکردنی خەڵکی بۆ هۆشیاریان دەربارەی نەخۆشییەکە خۆ          دورخستنەوەیان و چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ نەخۆشییەکەدا.

Alan Osman
M.Sc of Biotechnology
 B.Sc of Food Science 
facebook.com/alanosman85